کەریم زەند · مێژوونووس · جوگرافیناس · گەڕیدە

کتێبەکانی کەریم زەند

پشکنین بۆ ١٥ بەرهەمی کەریم زەند بکە، هەریەکەیان لە تابی تایبەت بە خۆیدا نمایش کراوە. ناونیشانێک هەڵبژێرە بۆ زانینی زانیاریی زیاتر و خوێندنەوەی تەواوی بەرهەمەکە.‏

:کتێب

ساڵی ٢٠٠١

جوگرافیای کوردستان

کەریم زەند یەکەم کەسە  کە بەمیدانی گەڕاوە و جوگرافیای کوردستانی نووسیوە، نەخشەی خاکە خۆشەویستەکەی کێشاوە..   ١٣ ساڵ بە پێ بە نزیکەی هەموو کوردستاندا گەشتی کردوە.‏   

بە جانتاکەی پشتیەوە گەشت دەکات، لە ساڵی ١٩٤٥ تا ١٩٥٨ لە برسێتی و هەژاری و دەربەدەریدا ژیاوە، تاپۆی ڕەشی بۆنەوەی کورد زیندوو کردەوە، نەمری بۆ زەند.‏

زەند دەگێڕێتەوە

توێژینەوەی جوگرافی، بە سێ لایەنەکەیەوە (شوێن، کات، کەس)، لە چوار باسی بنەڕەتی پێکدێت.‏

مێژوو بە تەنیا ناتەواو و جوگرافیا تەواوکەری ئەوە. نووسینی جوگرافیاکەم بۆ کوردستان کێشەی بنەڕەتی دابەشبوونە.‏

بیست و یەک ساڵم لە دەرەوەی وڵات بەسەر بردووە، 13 سێزدە ساڵ بە جانتای پشتەوە سەفەرم کردووە، لە ئەرمینیای باشوورەوە بۆ باقی کوردستان سەفەرم کردووە. من نەخشەی جیام بۆ هەموو شار و گوند و شاخ و گۆل و بیر و سەرچاوە ئابووری و ڕێڕەوی پێ و ڕێگاکانی کوردستان کێشاوە، یەک بە یەک، تا نەخشەی فەرمی کوردستانم کێشا. ئەم نەخشەیە ناوچەیەکی کوردی لە باشووری ئەرمینیا تا کەنداوە،  لە چیای زاگرۆسەوە تا دەریای ناوەڕاست لە خۆ دەگرێت، ئەمەش وایکردووە کە ئەم نەخشەیە ببێتە نەخشەی مێژوویی و سیاسی کوردستان. بۆ یەک پەرلەمان، یەک سەربازی، یەک دارایی، یەک میدیای ناوەندی، یەک سندوقی نیشتمانی و بازاڕی ڕەش. بۆ کڕنۆش بۆ خۆنەویستەکان ئەی برای کورد.‏

زەند بۆ ئەم کتێبە گشتگیرە، جوگرافیای کوردستان، بێشومار ڕاستی کۆکردۆتەوە کاتێک بە هەموو خاکی کورددا دەڕۆیشت، زۆرجار شەوانە سەگ و گوورگ ڕاویان دەناو لەناو مزگەوت و کافێ دەنووست.‏

کەریم زەند

گەریدەو جوگرافیناس

یەکەم گەشتی زەند: ئەرشیڤی #١ / ساڵی ٢٠٠٤

گەشتەکەی لە وێڵدەرەوە دەسپێکی کرد، بەئاگاهاتنەوەی ئەرکێکی تەواوی ژیان، وێڵەدەر

لە ساڵی ١٩٣٦ لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم لە فێرگەی ئەیوببیە، کە لە پێشدا پێی دەوترا فێرگەی ئەیوبییە. تەنها دوو فێرگە هەبوو لە هەموو شاری سلێمانیدا.  گەشتێکی فێرگەیی ڕێکخرا بۆ بۆ گوندی وێڵدەر بە چیایی گۆیژەوە، کە زنجیرەی کێوی ئەزمەڕە- ئەزمیر- لەو گەشتەدا بەشدار نەکرام، بەهۆی کەم تەمەنیو لاوازی و گچکەیم لە بەزەیی و داڵدەیی باوکیش بێ بەش بووم. ئەو هۆکارانە کاریگەری دەروونی هەبوو بۆ بەیانی کە ڕۆژی هەینی بوو، زوو پیڕەگەم گرت و لەتەک خوێنکارەکاندا کەوتمەڕێ. سووکرەویو چالاکی پیادەییەکەم، سەرنجی فێرکارو هەڤاڵەکانمی ڕاکێشا، ئەمە هاندەربووکە گەشتووگوزار بکەم بە پیشە.‏

ئەرشیڤی گەشتی زەند #٢ / ساڵی ١٩٩٢

کوردستانی پەرتکراو

کوردستان نەک تەنها داگیرکراو، کە ڕستەیەکی سەر زارو نووسینێکی بڕێک لە نووسەرانو تەنانەت وتەی تاڕادەیەک ڕامیاریشە، کە ئەمە لەڕووی مێژوویی ڕامیاریەوە پەسەند نیە.  کوردستان تەنها داگیرکراو نیە، بەڵکو کوردستان پەرتکراوە ولەت لەت کراوە و دابەشکراوە لە نێوان تورکیا وئێران و ئێراق و کەرتێکی لە سورییەوە، کەرتێکی تری لە بندەستی ڕوسیادایە.‏ 

شوێنگەوهەڵکەوتنی جیوگرافیو گەردونی ئەکەوێتە:‏

نیوەی گۆی زەوی باکورەوە، بەگوێرەی گۆی زەوی هەرێمی بژون- فێنک – ئەکەوێتە باشوری خورئاوای کەرتی ئاسیا،  بەگوێرەی کیشوەرەکان – ئەکەوێتە سەر تۆڵی درێژی ( 50- 40- 37) هێڵی پانی وە (40- 33-30)  درێژی سنووی ئێران. – تورکیا 198) )میل وە لەتەک ئێراندا 680)) میلە .‏

ڕووپێوی 475 هەزار کم ٢  تا 500  هەزارکم٢.‏

ڕێژە

ڕووپێو

% 46.4                                     بەشی تورکیا

213   هەزار کم٢ لە تورکیا – باکوور \

% 32.7                                         بەشی ئێران

158   هەزار کم ٢ لە ئێران – خاوەر\

% 15.8                                        بەشی ئێراق

73    هەزار کم ٢ لە ئێراق – باشوور\

 % 3.1                                      بەشی سورییە

18    هەزار کم ٢ لە سورییە – خورئاوا \

% 2                                          بەشی ڕووسیا

13    هەزار کم ٢ لە ڕووسیا – باکووری خاوە \

(475) هەزار کم ٢ نزیکەی ڕووپێوی فەرەنسە %100                  

مەزەندەیەکی تر

507  هەزار کم ٢     کۆ و         سەرجەم

ئەرشیڤی گەشتی زەند #٣/ ساڵی ٢٠٠٣

نمایشی مێژووی کوردستان

پێشکەشکردنی مێژووی کوردستان

لە سەدەی  حەوتەمی پ.ز. پێش زایین،  چەرخی گریک و یۆنان بە کوردستان وتراوە، کودوئین- کوردوئان، کاردۆنیاش،

لە چەرخی ئاشوریدا پێی وتراوە کورد چیخ  بەچەرکەسی واتە زەوی کورد ، کە بریتی بووە لە دوورگەو چیاو نیشتمانی کاردۆک.‏

کورد چیخ – زەوی کورد دوورگەی عێراق، چیا و ئازربایجان -ئاترۆپاتین. مۆکان، ئاران، ئەرمەنستان، وڵاتی ڕۆم.‏

لە نووسینەکانی سۆمەری و ئاشوریدا ئەم خاکە بە گواتیم ناسراوە واتە زەوی جەنگاوەران. لە وڵاتە کۆنەکانی خاوەر لەتەک سۆمەرو ئیلامۆ ئەرمەندا پێکەوە ژیاون. پایتەختەکەیان ئادب بووە. Abdib

وشە و ناوی گواتیم، بووە بە گۆتی- گودی – جودی-  God گۆرتی – کوردی

لە مێژووی کورد و کوردستان بە کاردۆخ ناوبراوە.‏

(تۆماری تەمەن) ئەرشیڤی گەشتی زەند #٤/ ساڵی ٢٠٠٣

سوڕی ژیان

میللەت و زمان

میللەتی کورد بە گوێرەی ڕووی مێژووی مەردوم، بۆ یەکەم جار لە ئەشکەوتەکانی دەڤەرە شاخاویەکانی کوردستان مەردووم نیشتەجێ بووە، بەر لە ٨٠ هەشتا هەزار ساڵ.‏

لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کێوی برادۆست سەرووی زێی گەورە نزیکی زێبار. باکوری خاوەری شارۆچکەی ئاکرێ، نزیکی سنوور پەیکەری مەردوومی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە، کە دەگەڕێتەوە  بۆ ٥٠ پەنجا هەزار ساڵ پتر لەمەوبەر هەندێکی بۆ ٨٠ هەشتا هەزار ساڵ. لە نزیکی ئەم ئەشکەوتە، لە گوندی زاوی جەمی کە کۆنترین گوندی پێش مێژووە، کشتوکاڵ دۆزراوەتەوە کە ١٠ دە هەزار ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە لە چینە جیاوازەکانی ئەشکەوتەکەدا ئامێری بەردەستی دۆزراوەتەوە، کە کۆنترین شوێن  ئامێری سەردەمی بەردینی کۆنی تێدا دۆزراوەتەوە.‏

کورد نەژاد و نەتەوەی ئارییە. لە چاوگەکانی ڕووباری دەجلەو فراتەوە تاوەکو کەنداو، پایتەختیان شاری ئاکباتان بووە  نزیک هەمەدان وە  بەزمانێک دواون، ئارڵۆند وێڵس دەڵێ، زمانەکەیان واتە زمانی کوردی کۆنترین زمانە لە ئاسیایی خۆرئاوادا.‏ 

کوردی زمانێکی سەربەخۆیە گەرچی کاریگەری زمانی هاوسێکانی پێوەدیار بووە. بە گوێری کات و شوێن و ڕۆژگار، هەرێم، مەڵبەند، ئاو و کەش وبا هەندێ گۆڕانکاری بەسەر شێوەو جۆریدا هاتوە کە جیاوازیەو لەیکچون دروست بووە بەڵام ئەومە نابێتە هۆی بڕیاردانی دیاریکردنی سنووری ئەنتۆلۆژی نەتەوەیەک.  کوردی زمانێکی ئارییە زمانی زەردەشت و ئاڤێستایە پیرۆزە لە خواوەندەوە. سروشتی خواوەند بۆ پەیامبەر نووح بە کوردی بووە.‏

(تۆماری تەمەن) ئەرشیڤی # ٥/ ساڵی ٢٠٠٥

ڕەو

جەنگی جیهانی یەکەم و دۆزی کورد ١٩١٤ –١٩١٨

کوردۆلجی، کوردوانی، کوردناس گەریدەکان لە بارەی زمانی کوردیوە نەریت و ڕەوشتەو،

زەینەفۆن ٤٠١ پ.ز. یەکەم کەس بووە دەربارەی کورد دواوە، لەماوەی گەشتەکەی بۆ کوردستان.‏

پاشان نوسراوەی ئەبالیس، نووسینەکانی هێرۆدۆست، تەورات باسی میدی کردوە و کەریم زەند دەیسلمێنێ ئنجیلی مزگێنی وەرگێڕانی لە فەرەنسیەوە بۆ سەر زمانی کوردی بە هاوکاری قەشە یوسف پەری بە مەبەستی پیرۆزکردنی زمانی ئاڤێستایی، زمانی کوردی کە لە بنەڕەتدا پیرۆز بووە.‏

کورد لاند – کوردستان وەک بەشێکی ساماندار لە ڕووی ستراتیجیەوە لە پلان و نەخشەکانیاندا بەمەبەستی جێگەیی کە هۆکارە نهێنیەکەی نەوتە، سامانی چاڵە نەوتە دەرنەهێنراوەکانی باوەگڕگڕ. بە پلانی سایکس بیکۆ ١٩١٦ دابەشکردنی خاوەندارێتی وموڵکایەتی بوو ئەم شۆرشە لە بەرژەوەندی کورد نەبوو، دواکەوتنی ئەم ڕووداوە بە سوودی کورد دەشکایەوە.‏

گۆڕینی کاتەکەی ئەگەری سەرکەوتن بوو.‏

کێشەی ئاو

٢٠ وڵات کێشەی ئاوی هەیە، جیبۆتی هەژارترین وڵاتە. کوردلاند – کوردستان دەوڵەمەندترینە بە سامانی ئاو.‏

‏• ڕووباری دجلە و ١٩٠٠ کم بە ٦٠٠ کم بەکوردستاندا دەڕوات.‏

‏• فورات، لکی یەکەمی قەرەسوو – ڕەشەئاو  ولکی  دووەم چۆمی مراد، هەردوو لکەکە لە سەرووی خۆرئاوای ئەلازیک یەکدەگرنەوە لە کەبان ڕووباری فرات پێک دەهێنن  کە ٦٤٧ کم بە کوردستاند دەڕوات.‏

تۆماری ئەرشیڤی تەمەن #٦ ٢٠٠٦

پەیک

سەرگوزشتەی شاری سلێمانی و نەخشەی بنەڕەتی بە چاوگ و بەڵگەنامەی مێژووی

کورتەیەک دەربارەی ئوستانی سلێمان بنکەی بازرگانی و دووڕیانی گۆڕینەوەی کەلوپەلو شمەک بووە. پردی هاتووچۆی نێوان شارە ناودارەکانی دەڤەرەکەیە. پێکهاتەی کارکێڕی، دە شارۆچکەی قەزای هەیە، ئاوو کەش وبا سەر بە دەریای ناوەندە لە زستاندا سارد و باو بۆران و بەفر، ڕێژنە باران وە بای وەرزی بەرید تێدەپەڕێت. زستانی سارد و هاوینی گەرم.‏

شوێن، ئامار، ژمارەی مزگەوت، خانەقا، تەکیە، خانوو، چاخانە، دووکان، گەرماو کەیسەری، دوکانی ناو کەیسەری بازاڕ و کۆمای شارەوانی. کارێزەکان، کارگەکان، پیشەسازی و سەیرانگاکان. گەڕەک و ڕۆشنگەکان. پێگەو شوێنی جوگرافی و کارەسات و ڕوانگەی گەردوونی. شارەوانی شەقاوم و باخچەو ئاگرکوژاندنەوە. ڕووپێوی شار شوێنەوارەکانی، دارایی.‏  

لایەنی وێژەیی، خوێندنگان، زانکۆی سلێمانی، ڕۆژنامەکان، گۆڤارو بڵاوکراوە، و نوسراوخانە، کلێساکان، ناوداران و کاریگەریان.‏

لایەنی هونەری، هونەر بە هەموو بەشەکانیەوە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی کۆمەڵگەی کوریدا.  لایەنی مێژووی شۆڕشەکان و سەرۆکایەتی کوردستان و ڕابەڕی لە پێشەوا قازی محمەوە. نامە شێخ مەمحموود بۆ کۆنسۆڵی ڕووسیا و ڕۆڵی حوکمڕانی لە سلێمانی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، عبدللکریم قاسم و کورد.‏  

Live

هەڵگەڕانەوەکەی و ئاوەژووکردنی دەبێ بە.‏  

Evil

پیتەکانی بە پێچەوانەی، واتاکەی پێچەوانەی ژیان. شەڕو ئاشوبو پشێوییە، ژیان تا مردن کردنە.‏

چاندنەوەی ژیان لە ڕووی مردندا، چاندندوەی جیهان لە جیهانی ژێروو کۆتایدا،  لە کۆتایی ژیاندا درەختێ بچێنە.‏

گەشتی زەند · ئەرشیڤی #٧ ساڵی ٢٠٠٦

خاکی کوردستان خاکی ئایینە

پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا ئەو خاکەی کە بە کوردستان ناودەبرێ،  نیشتە جێ بوونی چەند هۆزێکی چیاواز بووە.  ئەم هوزانە لە لە دەڤەری چیاکانی زاگرۆز لە دۆڵ  شێو دەوروبەریدا دەژیان.  مید لە شوێنەوارێکەوە  کە دەکەوێتە خۆرهەڵائتی چیاکانی زاگرۆزەوە کشاون بەرەو خۆرئاوا وە توانیویانە ئەم خێڵانە یەک بخەن وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو بەهێز لە ژێژ ئاڵای میدیادا لە دەورەبەری ٧٢٧ پێش زایین.  کورد بە دڵنیاییەوە ڕەگەز و ڕەچەڵێکیان دەگەڕێتەوە بۆ میدیەکان. کاتێک کوردانی ئەوروپا کەنالێکی تەلەفزیۆنیان دامەزراند ناویان نا تەلەفزیۆنی میدیا. بەڵگەنامەی مێژووی دەریەخات کە کوردی ئەمڕۆ میدیای ڕابوردوون.‏

کوردلاند، خاکی کوردان، نشینگەی پەیامبەرانە شوێنگەی ئینە پیرۆزەکانە بەهەشتی یەزدانە لەسەر ڕووی زەمین. زەردەشت ٥٧٠ پێش زایین پێخەمبەرێکی ڕەگەز ئاری لە گوندی داربین لە کەرتی کوردستانی خاوەر هاتۆتە دنیاوە. بەر لە ئاینی زەردەشت لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا، ئاینی زروانی پەیڕەو کراوە، ئاینی زڕوانکەری، واتە زەمەنی کۆتایی نەهاتووە، بیکۆتایی. مانی. چیرۆکی کوردی شەبەک.‏

ئێزیدی، لالش یەکەم نشینگەی سەر هەسارەی زەویە، شوێنی پیرۆزی ئێزدیە، ٣٠ کلم لە ئاکرێ دوورە.  ئاین و باوەڕی.‏

 مەزدەکی، بەهائی، بوودی، پەیامبەرانی ئسرائیل، ماسۆنی و نهێنیەکانی، ئاشووری، سائبە- سوبی، کەشتی نوح و کریستانی مەسیحی. مەسیحی میزۆپۆتامیا، کاتۆلیک، کلدان، سریان، ئەرمەن، ڕۆم، لاتین، پرۆتستانت. داستانی ئنجیل بە کوردی.  جێنزگەی ناودارانی ئاینی، کورد لە ئنجیل و تەوراتدا. سەرگوزشتە و چیرۆکی مێژووی زانایان و پەیامبەران و نێردراوان، بزاڤەکان، بەرەی حەقە وتەسەوف.   چیرۆکی تاڵەمووی ڕیشی پێغەمبەر محمد د.خ. وە تاک و تەنهایی یەزدان.‏

ئەرشیڤی # ٨ / ٢٠٠٨

ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستان

 

پەیمانی سیڤەر، لە شاری سیڤەری فەرەنسا لە ١٠\ ئاب \ ١٩٢٠ پەیمانەکە بەسترا،

بڕگەی (٦٢، ٦٣، ٦٤) کە تایبەتە بە کوردستان وەک خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی خوێناوی گەلی کوردی ستەمدیدەدا. بەستی ٣ مافو ناونیشانو پێناسەی کوردی بەشخوراوی دیاردە کرد. ئاوات و ئامانجەکانی خستە ژێر گڵەوە گۆڕی کردو داپۆشران کێلی بۆ دانرا، لە ئەنجامی پەیمانی لۆزان لە ٢٤\ ٧\ ١٩٢٣.‏ 

خودی ڕووداوی داگیرکردن و پەرتکردن، زەمینەی خۆش کردوە بۆ ڕەخساندنی فاکتەرو گۆکاری لەناوچوونی گەلی کوردو لاوازیو کزی ئاستی نەتەوەیی. لە کاریگەری مانەوەی دینامیکی ئەم کارەدا. کاری داگیرکەرو پەرتکردن، وەک مرۆڤێکی کەم ئەندام لەسەر زەوی خلیسک وەستابن بەرگری لە ڕەشەبابەکی توند ناتوانێ بکات خۆی لەسەر ڕابگرێت،

ئایندەی ڕەچاوکراو بۆ گەلی کوردی ستەمدیدە لە کوردستانی پەرتکراودا لە ڕوانگەی چەمکو تێڕوانینو بۆچونەوە، لە ئاستی ناوەوە هەرێمی دەرەوەدا گەرەکە هەر ببێتە دەوڵەت، لە ئایندەکی نزیک یان دوور.‏ 

ئەرشیڤی ژمارە ٩ / ساڵی ٢٠٠٨

سەرکردە عەبدولکەریم قاسم

ئەو سەرکردە مەزنەی لە دوای خۆشەویستی خوداوەند، گەل و نیشتمابی خۆشویست، لە ناو وەزارەتدا یەک ژووری نووستن و یەک ژووری دانیشت و حەمامێکی هەبوو، ماڵەکەی شوێنی کاری بوو.  تەنها ٤٤ ساڵ ژیا.‏

 

 ئەو وتەیی کە بوو بە وتەی سەرزاری خەڵک منداڵانی گەڕەکە شەعبیەکان ( عفا اللە عما سلف، الرحمە فوق القانون ) بەزەیی لەسەرو یاساوەیە.‏

لە ساڵی ١٩١٤ لە بغداد لە دایک بووە، ( تەمەنی ٤٤ ساڵ) تا ساڵی ١٩٦٣.‏

پەیوەندی بە کۆلێجی سەربازیەوە کرد،

١٩٣٥ پایەی ئازایەتی وەردەگرێت.‏

 ١٩٤٥ وسام الرافدین وەردەگرێت ، گەلێ خەڵاتی تر وەرگرێت، لە بەریتانیا دەخۆێنێ و چەندین کۆرسە سەربازی لە ئێراق وەردەگرێ.‏

 

زەعیم عبدالکریم پێکهاتەیەک بوو لە کورد و عەرەب، باوکی قاسم محمد بکر دەگەڕێتەوە بۆ قەبیلەی قحتان کە لەباکووری حجازەوە هاتوون بۆ ئێراق، دایکی کیفیە حسن الیعقوبی کوردی لوور (فەیللی).‏

 شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ لە گەڵ بەیان تیشکی ڕووناکی هێنا بۆگەل، ئیرادەی گەل سەرکەوت، مێژوو بۆ پێشەوە دەڕوات، واوەیلا بۆ ئەوەی ڕێگریەتی.  سەرکردە عبدلکریم قاسم هەڵبژێردرا بە لێهاتووی خۆی، ئەو سەر بە پارتێکی سیاسی نەبوو. بە پایەی و لێهاتووی خۆی بوە سەرکردە.‏

 

ئەو سەرکردە مەزنەی  چوار ساڵ و نیو حوکمڕانی عێراقی کرد، کۆتایی بە ژیانی هات لەسێدارە درا بەبێ محکەمە بەشێوەیەکی دڕندانە بێ ڕەچاوگرتنی مافی مرۆڤ، لە هۆڵی شعب لەکاتی چوونە ژوورەوەدا زابتێکی بەعسی  دارێکی کێشا بەسەریدا، ستارە عسکریەکەی کەوتە خوارەوە، لەهەمان ڕۆژدا دەورەبەری دووی پاش نیوەڕەی شەمە لە ٩ی شوبات ١٩٦٣ لە ڕەمەزاندا، لەو کاتەدا سەرکردە بەڕۆژوو بوو، کۆتایی هات بەژیانی بە سێ فیشەک لەلایەن (نعمە فارس الحناوی) کە رووتبەی ملازم بوو.  پێش لەسێدارە دانی داوای ئاوی کرد دەستنوێژبگرێ. نەپاڕایەوە.‏

سەرکردە  بە ئوتۆمبیللی خۆی ڕۆشت  بۆ هۆڵی شعب، بەڕووحە ساکارەکەی،  پاشان ئۆتۆمۆبیلەکەیان تەقاندوە،

ئەو تاوانی دزی و داوێنپیسی نەبوو، پارێزگاری لە ڕۆحی نیشتمان پەروەری خۆی کرد تا کۆتای ژیانی. کوشتنی سەرکردە خەسارەتێکی گەورە  بوو لە مێژووی عێراقدا.‏

سەرکردەی شەهید، سەرکردەیەکی خۆنەویست، نیشتمان پەروەر، زمان پاک، دەست پاک،  دەروون پاک، کەم دوو، ڕێک پۆش وخاوێن،  ساکار تا ساوییلکەیی، شەرمن، هاوڕێی هەژاران،  دیمۆکراسی، جیاوازی نەدەکرد لە نێوان هاونیستمانیان لە ڕووی بیرو بۆچۆنی ڕامیاری و دینی. ناودەبرا بە ڕووی مانگ، ڕۆژانە لە ناو خەڵکدا دەردەکەوت، بەناو شەقامەکانی بەغداد دەگەڕا، بزانێ پێداویستی گەل چیە. ناودەبرا بەوەی نەیدەویست لە کۆشکدا بژی. سەرکردە زەعیم عبدلکریم قاسم  پارە و مۆڵکی  دەوڵەتی بەکارنەهێنا  بۆمەرامی تاکی خۆی، بڕی پارەی لە بانکی ڕافدین دینارێک و سەد فلس بوولەو نیشتمانە کە خۆی فیدا کاری بوو.  لە پێش شۆڕشدا داخوازی کچێکی کرد، کچەکە  مامۆستای قوبابخانەی کچان بوو ڕازی نەبوو، ڕۆژی سەرکردە لە سەردانی قوتابخانەکاندا ئەلقەی دیت لە پەنجەی مامۆستا ژنەکەدا، ئەوە کاری تێکرد بە ڕەبەن مایەوە تامردن، هاوسەرگیری نەکرد. لەو کەسانە خۆش بوو کە هەوڵی کوشتنیاندا.  سەرکردە کەموێنەکە ژیانی بەخشی لەپێناوی گەلدا. جگە لە جلوبەرگی سەربازی، شتێکی تری نەبوو لەدوای بەجێبمێ نەماڵ و نە منداڵ. بەڵام وێنەکەی لای گەل وێنەک بوو لە ناو مانگدا. کوشتنی سەرکردە خەسارەتێکی گەورە بوو لە مێژووی ئێراقدا.‏

ئەرشیڤی # ١٠ / ساڵی ٢٠٠٩

نەژاد و پەیوەستەگی

کوردستان

، کۆنترین جێگە کە مرۆڤ کۆمەڵایەتی تێدا پێکهێنابێ، خۆزستان و نێوانی دوو زێیە، دانیشتوانی زاگرۆس لەگەڵ خۆزستان و عیلام و سۆمەرو ئەکەد و بابل تێکەڵ بوون لە زۆر کۆنەوە. گشت هۆزەکان کەوتەنەتە ژێر دەستی مادەکان،  ئەم پارچەیە بە خاکی ماد لە مێژوودا نوسراوە.‏

کورد

 یەکێکە لە هۆزە ئاریایەکان، مێژووناسەکان هیچ گومانیان تیانیە لە کاتی داهاتی مێژووەوە ناویان براوە، ئەم ڕەگەزە کۆنەی کورد لە ئاسیا ژیاوە، کورد ماد بوون.‏

 بەڵام تاکۆ ئێستا کەس تێنە کۆشاوە نوسراوێکی مێژووی، سەربەخۆو تایبەتی بنووسێ بۆ ئەم هۆزە.‏

هەرچەندە خۆم پایەو پلەیەکم نیە، بەڵام چونکە یەکێم لەم گەلە، بەپێویستم زانی تێکۆشم بۆ ڕووناکردنەوەی بنچینەی ئەم هۆزە.  چونکە خۆم یەکێکم لەوان ناتوانم بەتەواوی  ئازاییو بەخشندە یی ئەم هۆزە بنووسم دەبێت بە خودپەسەندی.‏

 

ئەوانەی تێکۆشاون بۆ مێژووی کورد سێ دەستەن.‏

‏• خاوەرناسانی بێگانە، کە هیچ نیازێکیان نەبووە، زانیاری خۆیان نەبێت.‏

‏• گەریدەکان ئاساییەکان کە بەکوردستاندا گەڕاوون، نوسراویان نووسیوە لە باس گەڕانەکەی خۆیانەوە.‏

‏• کۆمەڵە کەسانێک، ویستوویانە مێژووی کورد بنووسن لە ژێر پەردەی نیازێکدا، هەندێکیان ڕاستیان نووسیوە، هەندێکیان بەزۆرلایانداوە لە ڕێگەی  نووسینەوەی ڕاست،  ئەوانە دەیانەوێ نەژاد و ڕەگ و ڕیشەی کورد بە ژەهر ئاوپرژێن کەن وە ناویان ناوە نۆکەری بێگانە، تێکۆشاون کورد بەرنەوە سەر ڕەگەزی گەلانی تر و جێگەیە کیتر.  نەژادی کورد  بە زانیاری زانایانی مێژوو نووسان  نووسراون، سەرچاوەکانم بە دەستم هێنان وە وەرمگێڕاون  تا ئامادەبن بۆ نەوەی نوێی کورد.‏

زمانی کوردی و هونەری وەرگێڕان

زمان بناعەی شارستانی گەلە، هاوێنەی کەلتوورو پێشکەوتنە، پەیوەندی نێوان نەتەوەکان پەرەپێدەدات، ئالو گۆڕی شارستانی نێوان گەلانە. زمانی وێژەی\ ئەدەبی زمانی نوسینی میللەتێکە، زمانی بەرزە وەکوو کوردی پەتی وپاراو زمانی عەرەبی دروست فوسحە.‏

وەرگێڕان کارێکی ئاسان نیە، هەندێ لە وشەکان کە لە زمانێک بۆ زمانێکی تر وەرناگێڕدرێت، بەکارهێنانی وشەی قەبەو بڕگەی گەورە جێی وشەکان ناگرنەوە، بەڵکو گەڕانە بەدوای وشەی بەسوود و پابەند بە مانای وشەکان بێت. وەرگێڕان کارێکی وشک و بێگیان نیە، بەڵکو داینامێکێکی زیندوە، لە زمانی یەک بۆ ززمانی دوو، گەیاندنی پەیام  بە ڕاست و دروست بێ شێواند و زیادەڕەوی و یان کەم کردنەوە  بەڵکو ئامانجی نووسیەنەکە بە خوێنەر دەگەیەنێ. وەرگێڕان وشە بە وشە و ڕستە بە ڕستە نیە بەڵکو هونەرە، داهێنانە، بەرهەمێکی نوێی وەرگێڕە بەوەفاوە بۆ زمانی داواکار، توانای زمانەوانی و شارەزاییە.‏

چوار خاڵ ڕەچاو دەگیرێ لە وەرگێڕاندا:‏

جۆرەکانی زمان

زمانی زیندوو

 زمانی نوێی جیهانیە ١٣ زمانی زیندوو هەیە لەسەر ڕووی زەوی.‏

ئنگلیزی، ئەڵمانی، ڕوسی، فەڕەنسی، ئیسپانی هتد . زمانی ئنگلیزی لە ڕووی چاپەمەنی و بڵاو بوونەوەوە زۆر گرنگە، گرنگترە لە زمانی چین، هەرچەندە مۆناتی لە گەلی جین کەمترە.‏

 زمانی مردوو

کۆنەو لەناوچوە ، زمانێکە نەماوە لە جیهاندا، ٣ هەزار زمان هەیە، وە کمارەی زمانە کۆنەکان ٥٠٠ دەبێت کە بەکار نایەو هەندێکیشیان لە گیانەڵادان وەک لاتین لە پێشدا زمانێکی زیندوو بوە.‏

زمانی ئاینی

زمانی لاتینی لە ئەوروپا و زمانی عەرەبی ئیسلام لە دەرفەت و هەڵکەوتە ئاینیەکاند لە ناو کوردەواریدا بەکار دەهێنرێ.‏

زمانی میری

زمانی ڕەسمی کۆمارو دەوڵەتە، جوگرافی دەستنیشانی دوورو نزیکی زمان  ناکات،  وەک زمانی کوردی وعەرەبی هەرچەندە لە ڕووی جوگرافیەوە نزیکی بەڵام لە ڕووی ڕێزمانەوە دوورن لەیەک.  هەرچەندە کوردی لەڕووی جوگرافی دوورە لە ئنگلیزی بەڵام لە ڕووی ڕەگ و ڕیشەوە هەردوو زمانەکە لەیەکەوە لە خێزانێکن هیندو ئەوروپی.‏

 لە ساڵی ١٩٧٧ کەریم زەند پەڕتووکی ، زمانی کوردی و هونەری وەرگێڕان بەچاپ گەیاندوە بە سەرچاوەو لەکۆڵینەوەی زانستی.‏

کەریم زەند/ ساڵی ١٩٧٠

میللەتی کورد

میللەت نە تیرەو نە خێڵە، بەڵکو کۆمەڵێکی دیاری کراوە،  میللەتی ئیتاڵی  ئێستە لە ڕۆمانی و جەرمەنی و یۆنانی و ئەتروسک و عەرەب پەیدابوە. میللەتی فەرەنسی لە غالی و ڕۆمانی و برتۆن و جەرمەنی پەیدا بووە.  هەروەها ئنگلیز  و ئەڵمانی  میللەتانی تریش کە بوون بە میللەت و لە چەند لە کۆمەڵێ کەسانێک پەیدا بوون، کە دەچنەوە  سەر چەند تیرەیەک و چەند خێڵێکی جوێ جوێ.‏

کەواتە میللەت کۆمەڵە کەسانێکی پەیدابووی مێژووین. بەڵام ناتوانرێ بە کۆماری کیسرا ئەسکەندەری گەورە بوترێ میللەت هەرچەندە لە مێژوودا پەیدا بوون و لە چەند تیرەو خێڵێک پێک هاتوون بەڵکو ئەم کۆمەڵانە پەیوەندی لە نێوانیانا زۆر بێ هێزە، جیادەبێتەوە و یەک دەگرێ بە گوێرەی هێزی ئەم ئەو لەو داگیرکەرانە.‏

کەواتە میللەت کۆمەڵێ نیشتەجێن  هەروەها هەموو کۆمەڵێکی نیشتەجێی دانیشتوو پێی ناوترێ میللەت وەکوو نەمسا و ڕوسیا، ئەبێ سنووری جیاوازی نێوان کۆمارو یەکیەتی نەتەوایەتی هەبێ. زمانی تێکڕایی نیشانەی میللەتە ناتوانرێ نەتەوەیەکی تر زمانێکی تری بەسەردا ببڕن زمانی خۆی لێ قەدەغە بکەن. مەبەست لە زمانی نەتەوەیەک ئەوەیە کە زمانی تایبەتی نەتەوایەتی خۆی بەکاربهێنێ نەک زمانی میری ئەو کۆمارەی کە تێیدا ئەژی. چونک ئەوە بە زمانی نەتەوایەتی دانانرێ. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە دوو میللەت ناگونجێ بە زمانی وتوو وێژ بکەن. ئنگلیز و ئەمەریکای باکوور بە یەک زمان دەدوێن هەروەها نەرویجی دانیمارکی و ئینگلیزو ئیرلەندی. بەڵام بۆچی ئنگلیز و ئەمەریکای باکوور بە هەردوکیان میللەتێ پەیدا ناکەن و پێیان ناوترێ یەل میللەت هەرچەندە بەیەک زمان دەدوێن؟‏

وەڵامی ئەمە، ئەم دوو کۆمەڵە هەر یەکەیان لە زەویەکی جیاوازا ئەژین و بەتەنیشت یەکەوە نین. ژیانێکی ثکڕاییان نیە.‏

تەنها هۆی ئابووری میللەت پەیدا ناکات ، بەڵکو هەموو میللەتێ زانستی و هۆی ژیانی تایبەتی خۆی و ڕەوانی تایبەتی خۆی  هەیە لە میللەتێکی تر جیاوازە.‏

سەرمایەدارەکان میللەت بە ڕەگەز ئەزانن. هەروەکو لە گێتیدا گیان لەبەر بەربەرەکانی یەک دەکەن و پەلاماری یەکتری دەدەن و جەنگی مانەوەی تیایە، بەم جۆرە لە جیهانی ئادەمیزادا جەنگی ئادەمیزادا جەنگی مانەوە بەهێز  و داگیرکردنی بێ هێز هەیە. میللەتی زۆردار، هی بێدەست دیل و داماو ئەکا.  پێویستە پێش هەموو شتێ بیرو باوەڕی سەرمایەداری نەیەڵین و لە ناوی بەرین، لەبەرئەوەی ئاژاوەی خستۆتە ناو کۆمەڵەوە و چەند کەسێکی چەواشە کردوە، وە لێکدانەوەی ڕاستی دەربارەی میللەت لەلای هەندێ کەس شاراوەیە.‏

کەواتە میللەت چییە؟‏

میللەت کۆمەڵێکی نیشتەجێن، پەیدابوو مێژووی یەک زمان و یەک خاک و یەک ژیانی ئابووری و زانیاری  هاوبەش و ڕەوانی تێکەڵیان هەیە. ئەو میللەتەی یەک زمانی نەبێ بە میللەت ناژمێررێ هەروەها خاک و نیشتمان نیشانەی میللەتە.‏

نیشانەیەکی تر خووڕەوشتی نەریتی نەتەوایەتی نەک بە شێوەی دواکەوتوو بەڵکو بە جۆرێکی پێشکەوتویی کە لەگەڵ گۆرینی کۆمەڵا ئەگۆڕێ  وپێش دەکەوێ.‏

کورد میللەتێکە هەموو نیشانەکانی میللەتی تیایە. هەر تەقەلایەک بدرێ بۆ پچڕاندن و دابەش کردنی خاکی و ئاوارەکردنی و قەدەغە کردنی زمانی هێرشی ڕەگەزایەتی بۆ گوم کردنی ئاڵۆزاندنی مێژووی نەژادی برینێکە لەسەر جەرگی ئەم میللەتە، خۆی سارێژی دەکاو گومان نیە کە ئەبێ یەک بگرێ لە ژێر یەک ئاڵادا بە تێکۆشانی ڕۆڵەی دڵسۆز ومەردی و بەیارمەتی گەلانی پێشکەوتوو.‏

ئەو میللەتەی میللەتێکی تر داگیربکات بە ئازاد و سەربەخۆ ناژمێررێ.‏

ئینجیلی پیرۆز ( پەیمانی نوێ)‏

مزگێنیی پەیمانی نوێی عیسا بە کوردی سۆرانی.‏

وەرگێڕدراوە لە فەڕەنسییەوە بۆ کوردی لەلایەن باوکە یوسف پێری و کەریم زەند لە ساڵی ١٩٧١.‏

وشەی ئینجیل لە وشەی (ئیوانجیلۆن)ی یۆنانی هاتووە، بە واتای مزگێنی، ئەم وشەیە لەسەردەمی عیسا تەنها بۆ مزگێنی دان بە هاتنی پادشا بۆ شارێک بەکاردەهات، بۆیە ئەو مزگێنیەی عیسا ڕایگەیاند بە ئنجیل ناوبرا، چونکە مزگێنی هاتنی پادشاهێتی خودایە بەهۆی عیساوە.  تەنها یەک ئنجیل هەیە ئەویش ئنجیلی حەزرەتی عیسایە، ئەوەش ئەو مزگێنیەیە کە عیسا هێنای و ڕایگەیاند، قوتابیەکانی خۆی دوای هەستانەوەی لە نێو مردوواندا بەردەوام لەڕاگەیاندنی. عیسا خۆی ئنجیلی نەنوسیوە، بەڵام فێرکردنەکانی بەشێوەیەک بەقوتابیەکاندا کە ئاسان بێ بۆ بیرهاتنەوە فێرکردنی خەڵکی تر.‏

 

مەسیح لە وشەی (مەشییای) عیبریەوە هاتووە بە واتای دەستنیشانکراو، تەنها پادشاو پێغەمبەرو کاهین لای جوولەکەکان دەستنیشان دەکران ئەویش بە چەورکردنیان.‏

کەریم زەند، لە ژیانی پیشەیی خۆیدا وەک ڕۆژنامەنووس و نووسەری مێژوویی گەریدەی ناسراو لە هەرێمی کوردستانەوە، باکوری عێراق، ڕاگوێزکرا  بۆ هەرێمی عەرەبنشین  لە باشووری عێراق، کە زمانی فەرمی عەرەبییە، لە شاری ناسریە، سەر بە بەسرە بۆ ماوەی شەس ساڵ دەستبەسەر بوو. ئەو چەند مانگێک بوو بیری لە پەیمانی نوێ کردبۆوە و بۆچی لەو ڕۆژگارانەدا بە کوردی  بەردەست نەبوو. لەو سەردەمەدا تاکە وەرگێڕان کتێبی ئینجیلی مەتی بوو کە لە کوردستاندا ئەوەش بەردەست نەبوو. بیری لەوە کردۆتەوە کە چۆن دەبێت پەیمانی نوێ وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی؟ و کێ دەبێ ئەو کارە بکات؟ ئاخر ئەگەر هەندێک کەس ناکۆک بن کێ هاوکاری و پشتگیری دەکات؟ زۆر پرسیار بەردەوام لە مێشکیدا بوو.‏

ڕۆژێک لە کاتی دەربەدەریدا لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتبوو و خەوی لێکەوت. شتێکی سەوز لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی و پێی دەگوت زەند، زەند. میللەتی کورد ناچارە کتێبی پیرۆز بە زمانی خۆیان بخوێننەوە. تۆ ئەوە دەکەیت، خوداش دەتپارێزێت و ڕزگارت دەکات. کە بەیاننامەکە تەواو بوو، فریشتەکە چووە ئاسمان. زەند دوای خەونەکەی دانیشت بانگی هاوژینەکەی (ئامینە) کرد و پێی گوت “خودا بەڵێنی دا کە من بپارێزێت بۆ کارێک، بەڵام دەبێت بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی، زێدی خۆم، بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدەم”. دوای ئەو خەونەش حکومەتی عێراق ڕێگەی پێدەدا بگەڕێتەوە زێدی خۆی، پاش شەش ساڵ دەستبەسەری کەریم زەند گەڕایەوە بۆ سلێمانی.  دوای گەڕانەوە، پەیوەندی بە قەشەیەکەوە کرد (قەشە یوسیف پەری).  قەشە بەڵێنیدا کە یارمەتی بدات و بەشداری لە وەرگێڕانەکەدا بکات. لە ماوەی حەوت مانگدا بەردەوام کاریان کرد، هەردووکیان کتێبی پەیمانی نوێیان وەرگێڕا، کە کتێبەکە لە کۆتایی پایزی ساڵی ١٩٧١ لە چاپدرا.‏

 هەروەها پەیوەندی بە سەرکردە و پیاوانی ئایینی دەکات وە  بیرو ڕاکانیانی بە هەند وەردەگێرت. نامە دەنێرێت بۆ پەسەندکردنی کارەکەی کە وەرگێڕانی پەیمانی نوێیە. هەموویان پشتگیری لە بیرۆکەکەی دەکەن و ڕێگەی پێدەدەن بەڵێنی پێدەدەن یارمەتی بدەن لە باری دارایەوە، هەرچەندە هەموویان کارەکانی پەسەند دەکەن، بەڵام کەس یارمەتی دارایی  و بەچاپ گەیاندنی نادات؛ پارەی چاپکردنی ١٥٠٠ هەزار و پێنج سەد دانە لە سەر ئەرکی خۆی دەدات. دۆزینەوەی چاپخانەیەک بۆ ئەو کارە و دابەشکردنی نوسخە بۆ کتێبخانەی گشتی و کتێبفرۆشەکان و هەندێ شوێنی تر، کارێکی قورس بوو، بەڵام زەند توانی ئەنجامیدات.‏

دوای چەندین ساڵ، لە ساڵی نەوەدەکاندا، کۆمەڵێک کەس لەگەڵ ڕێکخراوی ئای بی ئێس کتێبی پیرۆز تەواوی کتێبەکەیان وەرگێڕا و زەند کاتێک بیستبووی دڵخۆش بوو؛ بوو بە ڕاوێژکاری زمان و بە شێوەیەکی جێگیر بەشداری لە وەرگێڕانەکەدا کرد، وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی ئاسان نییە وەک چۆن زمانەکە ستاندەری نییە. بەم پێیە گرنگ بوو ڕێکخراوەکە هاوکاری لە نووسەرێکی مێژووناس و جوگرافیناس و گەریدە  وەربگرێت کە پێکهاتەی ڕێزمان و قۆناغ و وشەسازی و وشەی واتای و واتاسازی بزانێت و ئاشنای هاوبەشی زمانەکە بێت. هەرچەندە وەرگێڕانی پەیمانی نوێ لە کۆمەڵگەی زۆرینەی ئیسلامدا سزای کوشتنە، بەڵام زەند  وەک هەمیشە پێیوابوو خودا دەیپارێزێت، ئەو کارەی بە ئەنجام گەیاند، وتی: خەونێکم بینی، خەونەکەم هاتە دی.‏

ساڵی ١٩٧١

ئاین و باوەڕ لە کوردستاندا

‏(زەردەشتی، یەزیدی، کریستیانی، مانی، مەزدەکی، نەخشی، قادری، کاکەیی، هەقە، شەبەکی و سارلی،  وعەلی ئیلاهی).‏

بەر لە زەردەشتی، ئاینی زروانی لە کوردستاندا هەبووە. زروانی کەرەنە، چەرخی ناکۆتایی باوەڕ بە پەروەردگاری مەزن، کە زەمانە چەرخە، لەسەردەمی ئیسلامیدا بە چەرخی الدهریون  ناسراون.‏

زەردەشت

زۆر لە زاناکان دانیان بەوەدا ناوە کە زەردەشت پێغەمبەرێکی ئاری بووە. زەردەشت پێخەمبەری مادەکانە، خۆی مادێ بووە.‏ 

نووسەرە خوالێخۆش بووەکانی کورد، عەلی عەونی، موکریانی، ئەمین زەکی، ئیحسان نووری دەریان خستوە کە زەردەشت پێخەمبەرێکی کورد بووە. ئاینی زەردەشتی بڵاو کردۆتەوە لە ساڵی ٦٦٠ پ.ز لە ناوچەی ئەترۆپین لە دایک بووە لە نزیک دەریاچەی ورمێ.‏

زەردەشت، دامەزرێنەری گەورەترین ئاینی وباوەڕ بووە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا.  ٧٧ ساڵ ژیاوە لە ساڵی ٥٧٣ پ.ز کۆچی دوای کردوە.‏

زەردەشت لە دێی دااربین  لە باکوری چیایی مەقلوب لە دایک بووە، لە ڕۆژی چوارشەممەی مانگی گووڵان ئەپریل. باوکی ناوی بیورش کوڕێ فیدو کوڕێ ئەندیانە. باوکی لە خێڵی موکریانی کۆچەر بووە. لە تەمەنی چل ساڵیدا سروشتی بۆ هاتووە،.‏

لە ئامۆژگاریەکانی: ڕێزی ئاگر و ڕۆشنایی و خۆر و سوێندو مانگی گووڵان، ئەپریل،  ئازارو مارچ بووە.‏

وتەکانی: جیهان لە دوو شتی پێچەوانەی یەکتر دروست کراوە،  ڕۆشنایی و تاریکی. سوپای ڕووناکی و سوپای تاریکی.‏

بنچینەی زەردەشتی ئەمانەیە:‏

‏*بیری چاک و *وتەی باش و *کرداری پەسەند.‏

*تێبینی:  سەرەتایی ساڵی ١٩٤٦ بوو، لە قەرەچەتانەوە گوێزرامەوە بۆ فێرکاری خوێندنگاکانی ئەبابەیلێ. لە هەڵێبچە تووشی مامە ڕەزای سەرۆکی هەقە بووم.  لەو سەردەمەدا گزنگی کۆمەڵەی مهاباد دابووی لەم دیو. بەو بۆنەیەوە دۆستایەتیەک پەیدا بوو. ڕۆژگار هات و ڕۆیی، لە مهاباد پێشەوا قازی محمد داوای ڕاپۆرتێکی لێکردم لەبارەی هەقە، بە ڕێدانی مامە ڕەزاو زانیاری حەمە ئەمینی مەلحە ڕاپۆرتەکە پێشکەش کراو کەوتە دەست خاوەرناسانی سۆڤیەتی.  دوای کەوتنی شۆڕش لە مهاباد، لانەوازەیی بردمی بۆ مەڵبەندی کریچنەو هۆمەر ئەوغان. ماوەی ساڵێک لەوێ مامەوە، پاشان ماوەیەکیش لە سورداش ، شلێر، کلکە سماق، شەدەڵە وسەرگەڵوو،  گەڕانێکی تەواو بە خاوەری ناوەند و ئەفەریقا و زۆربەی ئەوروپا و بەپێ هەموو کوردستان گەڕام دە ساڵ بە ئاوارەیی و دوو ساڵ زیندانی و پێنج ساڵ دەستبەسەری لە باشووری عێراق. ئەوە هانی دام بۆ کۆکردنەوەی ئەم زانیاریانە. هەرچەندە نەبوونی هان و یارمەتی و ڕێنەدان هۆی کرچی و کاڵی ئەم بەرهەمانەیە.‏

بەپێویستم نەزانی لەسەر ئاینی ئیسلام بڕۆم، چونکە زانایانی خۆی فرەیەو وە زۆریشی لەسەر نووسراوە.‏ 

بە ئومێدی ڕاژەی گشتی و توانەوەم لە پێناوی مەبەستی کاتی و هەمیشەیی گەل و گۆڕکردنی خود پەسەندی و خودبینی و لێ بووردن و بەخت کردن سەر دانەواندن  بۆ لە خۆ تواناتر، ئەی برای کورد.‏   

کەریم زەند ١٩٦٩